لە سەرەتای ئەو دانیشتنە، غوڵامڕەزا ئیخوان، بەرپرسی پارێزگایی جەماعەت، دوای ڕێزنان لە ئامادەبووان، ڕاپۆڕتێکی لە چالاکییەکانی جەماعەت لە مانگی ڕەشەمەدا ئاراستە کرد. ئەو ئاماژەی بە چاوپێکەوتنەکان، کۆبوونەوە و بەرنامەکانی بەڕێوەچوو لە ئاستی پارێزگادا کرد و ئەو کارانەی بە هەنگاوێکی گرینگ لە ڕاستای پتەوکردنی پێوەندیی کۆمەڵایەتی و یاریدەدەری نێوخۆی جەماعەتی زانی.
پاشان موحەممەدئەنوەر ئەمیری، ئەندامی شوڕای ناوەندیی جەماعەت، جەختی لەسەر یەکگرتوویی، چالاکیی ڕاست‌تەوەری لە بەرنامەڕێژییەکاندا کرد. ئەو ئاگاداری کردنەوە کە نابێ بە ڕێکارە ئاڵۆزەکانەوە سەرقاڵ بن، بەڵکوو پێویستە بە ڕوانگەیەکی کرداری و کارامە هەنگاو بنێنەوە. ئەمیری هەروەها خەختی لەسەر «سمع و طاعە، گوێڕایەڵی» و پابەندی بە بنەماکانی ڕێکخراوەیی وەک بنچینەی سەرکەوتنی هەر جەماعەتێک کرد.
لە درێژەدا، داود ناروویی باسی لە گرینگیی کاری بەکۆمەڵ و ڕاوێژ لە بڕیارداندا کرد و وتی: «بڕیاردانی بەکۆمەڵ لە بەراورد بە بڕیاردانی تاکەکەسی، کەمتر تووشی هەڵە دەبن». ئەو ئاماژەی بە نوێژی هەینی و نوێژی جەژن کرد و وەک هێمایەک لە کاری بەکۆمەڵی لە کۆمەڵگادا نێو بردن.
ناروویی بە جەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان، خزمەت بە بنەماڵە، کۆمەڵگا و ئایینی وەک نیعمەتێکی گەورە هەژمار کرد و وتی: «خزمەتی دڵسۆزانە، ئارامی بە دەروونی مرۆڤ دەبەخشێت؛ چونکە ئەو کاتەی کە نەتوانین کارێک بکەین، ویژدانمان ئاسوودە دەبێ کە لە رابردوودا لەو بوارەوە هەوڵی پێویستمان داوە.»
ئەو لە کۆتاییدا داوای لە ئامادەبووان کرد کە ئەوپەڕی تواناییەکانیان بەکار بێنن و وتی: «هەر کەس دەبێ لەڕێی گەشەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەوە باشترین کەڵک لە تواناییەکانی وەرگرێت.»